تبلیغات
هه‌رمان
ڕێکه‌وت : 1396/04/14 | 15:42 | به‌ڕێوه‌به‌ر : بێهزاد قادری

" منداڵی کورد، منداڵی دەکات یان کۆڵبەری؟ "

ئه‌م یادداشتە، ڕێکەوتی 12ی پووشپەڕی 2717ی کوردی (12 تیر 96)، له‌ ژماره‌ی 37ی هەفتەنامەی "ئاوات"، له‌ پارێزگای سنه‌، بڵاو بووه‌ته‌وه‌.

لەم شەوانەدا کە لە ئینتێرنێتدا پیاسەم دەکرد و پەیجەکان دەگەڕام، وێڕای دیتنی هەموو جۆرە هەواڵێکی خۆش و ناخۆش و دیتنی سەدان وێنەی جۆراوجۆر، لەسەر وێنەی بزەیەکدا وشک بووم! وێنەیەک کە هەزاران وشە لە پشتیدا پەنگی خواردبووەوە: مرۆڤایەتی، کورد، منداڵی، بزە، شاخ، زاخڕ، کۆڵ، کۆڵبەری، ژیان، مەرگ، نان، برسیەتی، هەژاری، بێکاری، سووکایەتی، چەوساندنەوە، پشت‌ئێشە، پیاو، پیاوەتی، ناپیاوی و هەزاران وشەی دیکەیش کە ئەوەندە بەکارهێنراون کە سواون و لە قووڵایی تی‌ڤی و ڕۆژنامەکان بوونەتە پاشماوە. وێنەیەک که داوینچیش شەرم لە ڕووخساری دەکات تا بیکاته تابلۆ! منداڵێک کە منداڵییەکەی تیرۆر کراوە...

وەرزی هاوینە و کاتی حەسانەوە و گەش‌کردنەوەی حەز و خولیای منداڵانە. کات کاتی کلاسی مۆسیقا و نیگارکێشان، وەرزش و گەشت و گەڕان و یاریی منداڵانە. بەڵام هەموو ئەمانە دەرفەتێکە کە تەنیا بۆ کەسانێکی دەگمەن دەڕەخسێت کە جگە لە پارە منداڵەکانیشیان بۆ گرینگە. بەڵام هەژاری لە چەند هەنگاویمان‌دایە، کە هەموو ئەو دەرفەتانە دەتاسێنێت و تەنیا یەک شت دەهێڵێتەوە بۆ ئامانج: پارە! جاران ئەم گەڵا خاوەن‌مردووە، تەنیا پیاوانی گەورەی سێحر دەکرد کە لە ناچاریدا کۆڵ لە کۆڵ بنێن، بەڵام ئێستا، دۆخەکە ئەوەندە قۆڕ بووە، کە پیاوانی بچووکیش نە لە کۆڵ سڵ دەکەن و نە لە سنوور و نە لە مین و شاخ.

بە دیتنی ئەو وێنەیە، منداڵێکم نەدیت کە کۆڵبەری بکات! پیاوێکم دیت، پیاوێکی چکۆلە کە منداڵییەکەی خۆی حەشار دابوو، یان ڕاشکاوانەتر بڵێم، منداڵییەکەی تیرۆر کرابوو و ئەویش لە جەستەی خۆی و لە پشت ئەو بزەدا، لە چاڵی کردبوو. ئایا ئەمە مافی منداڵێکە کە دەبێ پیاوانە بژیەت و پیاوانە شەڕ بکات و پیاوانە پاره وەربگرێت؟ نە! منداڵ دەبێ منداڵی بکات، نەک ئەوەی ئەزموونی چەوساوەیی بکات و هەزارن بەرابەر پیاوتر لەو ناپیاوانەی بێت کە ئەو دۆخەیان بۆی خوڵقاندووە. کۆڵبەری، تەنانەت بۆ سمێڵ‌زلەکانیش کار نییە، تا بگاتە ئەو منداڵانەی کە هەژاری هەموو ڕۆژێک جەستەیان دەداتە بەر شەلاخ.

چۆن داهاتوویەک سازبکەین؟ داهاتوو بەو منداڵە چۆن ساز دەکرێت کە فێر دەبێت کێشەکان لە کۆڵ بنێت و لە ئەستەمترین شوێنەکان هەنگاو بنێت؟ داهاتوومان چۆن دەبێت ئەگەر داهاتووەکانمان پڕ بێت لە باوکانێک کە منداڵییەکەیان تیرۆر کراوە؟ کام داهاتوو؟ کام پسپۆڕ و کام لێهاتوو و خوێندەوار؟ داهاتوویەک دەبینم پڕ لە نەخۆش کە لەسەر جێگا کەوتوونە و لە پشت‌ئێشە و ڕوماتیسم و ئارترۆز و... دەناڵێنن و سەهۆڵدانی ماڵەکەیان بەجێی نان و مێوە، پڕە لە حب؛ بەجێی گەشتیاریش بەردەوام لە ڕێگای نەخۆشخانەکانن و...

منداڵانی سەر سنووری کوردستان وێڕای ئەوەی کە دەبێ بە هۆکاری سنوورنشینییەوە دەوڵەمەند بن و لەو دەوڵەمەندییە بۆ گەش‌بوونەوە و پەروەردە چێژبگرن، هەموو شتێک بە پێچەوانەیەوە بۆیان ڕەخساوە؛ واتە لە هاویندا کە وەرزی کارگەلێکە کە ئەو منداڵانە دەبێ ئەنجامی بدەن و لە پەروەردەیەکی زیاتر لە قوتابخانە چێژبگرن، سەرقاڵی کارهایەکن کە دەبێتەهۆی تیرۆری منداڵییان. یەخمەک‌فرۆشی لە کۆڵانان، واکسی پێڵاو لە بازاڕەکان، بنێشت‌فرۆشیی سەر شەقامەکان و... لەو کارانەیە کە بووەتە کۆسپێک لەهەمبەری پەروەردەی ئەو منداڵانە و گەش‌بوونەوەی کۆمەڵگا. سەرچاوەی ئەم کارانە و دیاردەی "منداڵانی کار"یش، هەژاریی بنەماڵەکانە کە بەبۆنەی نەبوونی کار و پیشەیەکی گونجاو، خۆیان و منداڵانیان، سەرقاڵین.

هەژاری و بێکاریی بنەماڵەکان، سەرچاوەی سەرەکیی منداڵانی کارە و هەندێک‌جاریش نەخوێندەواربوونی هەندێک بنەماڵەی دەوڵەمەند، دەبێتەهۆی دەرکەوتنی دیاردەی منداڵانی کار. وێڕای هەموو ئەمانە، منداڵانی کوردستانیش دەبێ وەک سەرجەم وڵاتانی دونیا، مافی بپارێزرێت و منداڵی بکات و دوور بێت لەو کارانەی کە دوورە لە جەوهەرییەتی مرۆڤایەتی و هەروەها نابێ تووشی کارگەلێکی ئەستەم بن کە تەنانەت گەورەساڵانیش لە ئەنجامیدا، لاوازن. هەژاری و بێکاری سەرچاوەی دروستبوونی زۆرێک لەو پیشانەیە کە زەبر لە کۆڵەکەی کۆمەڵگا دەدات و منداڵانی هەژار و زۆر جار بێساحێبیش، نێچیری سەرەکیی ئەم پیشە مەترسیدارن. نموونەیەکی تیل لەو پیشە مەترسیدارانە کە ئاکامەکەی زۆر تۆقێنەرە، بڵاوکردنەوەی مادده هۆشبەرەکانە بە چێژگرتن لەو منداڵانەی کە بەرەڵا کراون و نەتیجەی هەژاری و بێکاریی بنەماڵەکانن.

بێهزاد قادری



ئارشیڤ: نامه‌یه‌ک بۆ مرۆڤایه‌تی،  سیاسه‌ت، 
ئێمه‌ له‌ گووگڵدا: هه‌رمان، بێهزاد قادری، کوردستان، مه‌ریوان، منداڵی کورد منداڵی دەکات یان کۆڵبەری؟،  

ڕێکه‌وت : 1396/04/14 | 15:25 | به‌ڕێوه‌به‌ر : بێهزاد قادری

" کورد و مرۆڤ‌خۆشەویستی "

ئه‌م یادداشتە، ڕێکەوتی 2ی پووشپەڕی 2717ی کوردی (2 تیر 96)، له‌ ژماره‌ی 36ی هەفتەنامەی "ئاوات"، له‌ پارێزگای سنه‌، بڵاو بووه‌ته‌وه‌.

لە دونیای پڕ لە ململانێ و شەڕ و ئاژاوەی ئەمڕۆدا،  بازاڕگەرمییەکی باش بووەتە تووشی ماڵپەڕ و تی‌ڤی و ڕۆژنامەکان! هەر هەواڵێک کە خوێنی زۆرتری لێ بتکێت و سەری زۆرتری لێ بپەڕێت و منداڵی زۆرتری لێ بکوژرێت، بینەر و بیسەری زۆرترە و ڕاشکاوانەتر بڵێم: وەها ڕاهاتووین کە کوشتنی مرۆڤ لە لامان ئاساییتر بووەتەوە و بە دیتنی ئەو هەمووە وێنە دڵتەزێنە، لە مەرگی هیچ کەسێکیش سڵ ناکەین! بەڕاستی چی بەسەر مرۆڤدا هاتووە؟! ڕەنگە هیچ شتێکیش بەسەر مرۆڤدا نەهاتبێت و ئێمە هەر ئەوە بین کە پێشتر بووینە و بڕیارە لە داهاتوویشدا ببین! پرسیار زۆرە و مرۆڤایەتی لەژێریدا پەل دەکوتێت، بەڵام ئایا ئێمە دەبێ بڕوامان بە وشەیەکی وەها ببێت؟!

پێشتر، شەڕ و ئاژاوە بە زۆرترین ڕێژە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و وڵاتە ئەفریقاییەکان دەبینرا، بەڵام ئێستە دۆخەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و لای لە ئەورووپایی و ئەمریکاییەکانیش کردووەتەوە! لە تەقینەوەوە بگرە تاکوو کوشتنی خەڵک بە چەک و چەقۆ؛ تەنانەت چەند هەنگاوێکیش مەترسیدارتر بووەتەوە و ئەویش پان‌‌کردنەوەی خەڵکە بە ماشینی بارهەڵگر! واتە، کەس لە مەترسیی مەرگ، لە ئەماندا نییە و لە هەموو وڵاتێکدا، مرۆڤ بووەتە هۆکاری سەرەکیی مەرگی مرۆڤ! کام نەخۆشینی سروشتی و کام هۆکاری مەترسیداری نێو سروشت و کام ئاژەڵە دڕندە، ئەوەندەی مرۆڤی بە مرۆڤ کردووە و دەیشی‌کات؟!

لە هەنووکەدا و لەم سەردەمەی پێشکەوتن و دونیای دیجیتاڵ و پەیوەندییە ئێنترنێتییەکاندا، چ لە دونیای ڕاستی و چ لە دونیای مەجازیدا، کەسانێک هەن کە توندوتیژی و کوشتاریان کردووەتە پیشەی خۆیان و لە نێو کۆمەڵانی خەڵک هەم بیری توندڕەوی و هەم بیری ڕق و بێزارییان زەق کردووەتەوە! "داعش" یەکێک لە تیلترینی ئەو دیاردانەیە کە هەواڵگەلێکی وەها دەخوڵقێنێت، کە برینەکانی بۆ هەمیشە لەسەر جەستەی مرۆڤایەتی و مێژوو دەمێنێتەوە. "داعش"، ئەو وایرۆسەی کە هەموو وڵاتێکی لە بوونی خۆی تۆقاندووە و هەر جار لە وڵاتێکدا قوربانیی خۆی دەگرێت و بە دڕندەترین و گەورەترین گرووپی تیرۆریستیش ناسراوە؛ ئەو داعشەی کە ڕێک لە بن گوێی کورد هێلانەی هەیە!

کورد، جگە لەوەی کە یەکێک لە گەورەترین قوربانییەکانی هێرشەکانی داعش بووە و بە هەزاران شەهیدی پێشکەش کردووە، لە هەمان حاڵدا، بە دەیان بەرابەر لە چەکدارانی داعشی کوشتووە و حاشاهەڵنەگر ئەوەیە کە کورد گەورەترین زەبری لە داعش داوە و نموونەیەکی بەرچاوی، بەرخۆدانی کۆبانێ بوو کە دونیای سەرسام کرد. کورد، نەک هەر نوێنەری هەموو جیهان بوو لە دژی داعشی ڕەشبیر، بەڵکوو نوێنەری ئەو ئاڵا سپییەیە کە دژی توندڕەوی و دڕندایەتی و کوشتاری بێڕەحمانەی خەڵکی سڤیلە.

درێژه‌ی بابه‌ت

ئارشیڤ: نامه‌یه‌ک بۆ مرۆڤایه‌تی،  سیاسه‌ت، 
ئێمه‌ له‌ گووگڵدا: هه‌رمان، بێهزاد قادری، کوردستان، مه‌ریوان، کورد و مرۆڤ‌خۆشەویستی،  

ڕێکه‌وت : 1396/04/14 | 15:17 | به‌ڕێوه‌به‌ر : بێهزاد قادری

" ڕسیان "

ئه‌م دەقە، ڕێکەوتی 21ی خاکەلێوەی 2717ی کوردی (21 فروردین 96)، له‌ ژماره‌ی 25ی هەفتەنامەی "ئاوات"، له‌ پارێزگای سنه‌، بڵاو بووه‌ته‌وه‌.

دەمەوبەیانییەکی پاییزی، ئاسمان بێگەرد و بۆرەتارێک کە کاتی مەحف‌بوونەوەی هاتبوو. نە قیڕەیەک، نە گۆرانییەک و نە سروودێک؛ تەنیا و تەنیا بێدەنگیم ڕادەگەیاند و دەمزانی کە لە چاوانم، وتەکانم دەخوێنێتەوە.

نە تێنووسێک، نە پێنووسێک و نە وشەیەک؛ تەنیا دەستە بەتاڵەکانم بەرەو ڕووی دەگرت و دەمزانی کە دەقە نەنووسراوەکانمی لێ دەخوێنێتەوە.

دەمەوبەیانییەک و وردەشەپۆلی ڕووبارێکی زێڕین کە لە ئاسۆدا خۆی دەنواند. خۆریش، پرچە ئاڵتوونییەکانی خستبووەسەر ئاسۆ و بە سروە دەیهێنایە سەما. ناویم لە هەنارێکی سوور پرسی؛ پەنجەرەی ئاسمانم بۆ کرایەوە؛ هەموو کەشکەڵان بە ڕەنگی ئەو بوو!

لە زەوی دوور بوومەوە. ساڵانێکی نووری لەم قەفەسە دوور بوومەوە، بە هەر هەناسەیەک، دوورتر لە جاری پێش. ئەوەندە دوور کەوتبوومەوە کە زەوی وەکوو دڵۆپێکی خڕ و بچووک دەبینرا.

سووک ببووم، سووکتر لە پەڕی چۆلەکە. باڵم نەبوو، بەڵام سەرخۆش دەفڕیم. هەستم دەکرد لە ئەستێرەکان نزیک دەبمەوە! نوقمی حەزێکی پڕشکۆ ببووم. بۆنی عەترهایەکی سەیر دەهات، کە مرۆڤی بێهۆش دەکرد. دەنگهایەکم دەبیست، کە هەرگیز شتی وەهام لە زەوی نەبیستبوو.

دارەکان دلۆڤانتر بوون و منیان لە ئامێز دەگرت. هەموو شوێنێک پڕ لە پەنجەرەی کراوە و هەر پەنجەرە دەرفەتێک بوو بۆ دیتنی شتانێکی نوێ. پەنجەرەکان بێ پەردە، هیچیان بۆ شاردنەوە نەبوو.

لەوێ وشەکان دەشەلین، چونکە توانای باسکردنی ئەو هەمووە جوانییەیان نەبوو. تەنیا پێم دەکرا کە ببینم و بەرامەکان بۆن بکەم و مۆسیقایەک کە بەهێوری دەژەنرا ببیسم. بەڵام من لە نێو ئەو هەمووە سەیروسەمەرە و جیاوازییەدا، تەنیا بە شوێن شتێکدا دەگەڕام! ئەو...

لە هەموو شتێک ناوونیشانی ئەوم دەپرسی. سەرم بەرز کردەوە، ئاسمان هێشتا درێژەی هەبوو! هەستم دەکرد کە هێشتا لە خوارترین ئاستی ئاسمان وەستاوم. لە ناکاو کەسێک لە زەوییەوە بانگی کردم! هەموو شتێک لەبەر چاوم تار ببوو! بە خێراییی کارەبا بەرەو زەوی ڕسیانم کرد! زەریاکان و کێوەکان گەورەتر و گەورەتر دەبوونەوە و لە ئاکامدا وەک خاڵێکی بچووک پێم کەوتە سەر زەوی. سەیرێکی خۆمم کرد؛ لەجێی دڵ، مشتێک لە خۆر لە سینگمدا کەوتبووە ترپەترپ!

کێ بانگی کردم؟! کێ لەو هەمووە خۆشییەی کە مەرگ پێی بەخشی‌بووم، بێبەشی کردم؟! بەڵام من جگەلە خاک هیچی ترم نەدیت! دڵنیام هەر خاک بانگی کردم؛ ئەو بوو هۆکاری ڕسیانم؛ هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی پیلانی مەرگم...

نووسەر: بێهزاد قادری




ئارشیڤ: ده‌ق و پەخشان، 
ئێمه‌ له‌ گووگڵدا: هه‌رمان، بێهزاد قادری، کوردستان، مه‌ریوان، ڕسیان،  

ڕێکه‌وت : 1396/04/14 | 15:08 | به‌ڕێوه‌به‌ر : بێهزاد قادری

" تەندروستیی دەروونی بۆ ژیانێکی گونجاوتر "

ئه‌م بابەتە دەروونناسییە، ڕێکەوتی 8ی جۆزەردانی 2717ی کوردی (8 خرداد 96)، له‌ ژماره‌ی 32ی هەفتەنامەی "ئاوات"، له‌ پارێزگای سنه‌، بڵاو بووه‌ته‌وه‌.

"دەروونناسی" لقێکی ئەکادیمی و کردارییە کە خوێندنی زانستیی کردارەکانی مێشک و هەڵسوکەوت لەخۆ دەگرێت. دەروونناسی ئامانجی یەکەمی ئەوەیە کە لە تاک و گرووپەکان تێبگات بە دانانی پرەنسیپی گشتی و هەروەها توێژینەوەی تایبەت لەسەر تاکیش. لەم بوارەدا کەسی پیشەگەر یان توێژەرەوەی ئەم بوارە بە دەروونناس دەناسرێن. وشەی سایکۆلۆژی کە لە بنەچەدا لە یۆنانییەوە هاتووە بە مانای "خوێندنی ڕۆح" دێت.

لە دەروونناسیدا، دەروون بریتییە لە سەرجەم زەینی مرۆڤ، بە هوشیار و ناهوشیارەوە؛ ئەو بوارە زانستییەیش کە لە دەروون دەکۆڵێتەوە و بە شێوەیەکی ئۆبژەکتیڤ تاوتوێی دەکاتەوە، دەروونناسی یا سایکۆلۆژیای ناوە. لە فەلسەفەدا وشەکە مێژوویەکی دوورودرێژی ھەیە و بەکاربردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەفلاتوون و ئەرەستوو و ھەتا ئێستایش بۆ تێگەیشتن لە سروشتی مرۆڤ لە ڕوانگەی زانستییەوە وەکوو چەمکێکی بنەڕەتی ماوەتەوە.

"تەندروستی" دابین‌کردنی بەرژەوەندیی ھەموو لایەنەکانی جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتییە. بەپێی وتەی ڕێکخراوەی تەندروستیی جیھانی، تەندروستی تەنھا نەبوونی نەخۆشی و کەمئەندامی نییە، تەندروستی نەبوونی ھیچ گرفتێکی ڕەوانی، کۆمەڵایەتی، جەستەیی و ئابوورییە بۆ ھەر یەک لە ئەندامانی کۆمەڵگا. ھەست‌ کردن بە تەندروستی لە نێوان مرۆڤەکاندا زۆر جیاوازە! بۆ نموونە ھەیە کەسێک کە ھەر دوو لاقی لە‌دەست‌داوە بەڵام ھەست بە تەندروستی دەکات، و ھەیە کەسێکیش کە ھیچ گرفتێکی جەستەیی نییە بەڵام ھەست بە لەدەست‌دانی تەندروستی دەکات.

بەگوێرەی باری ژیان و ئەزموون، هێز و توانایی دەروونی، مرۆڤ دەگۆڕێت؛ تەندروستیی دەروونیی باش، یەکێکە لە هۆکارەکانی ژیانێکی باش و سەرکەوتوو، ئەمە خۆی یارمەتی دەدات کە مرۆڤ بەرگەی دڵتەنگی بگرێت، و هەروەها توانایی کەسەکان بەهێز دەکات بۆ ئەوەی لە هەلومەرجی پڕ لە گۆڕانکاریدا هەڵسوکەوتی گونجاو بکات و یارمەتی دەدات تا لەهەمبەری گیروگرفتە جۆراوجۆرەکانی ژیان، خۆڕاگرتر بێت. تەندروستیی دەروونی وەك هێز و توانا، سەیری دەکرێت، کە پێکەوە لە هەموو ژیانی مرۆڤ و هەلومەرجی ژیاندا پێکەوە دروست دەبێت.


درێژه‌ی بابه‌ت

ئارشیڤ: ده‌روونناسی، 
ئێمه‌ له‌ گووگڵدا: هه‌رمان، بێهزاد قادری، کوردستان، مه‌ریوان، تەندروستیی دەروونی بۆ ژیانێکی گونجاوتر،  

ڕێکه‌وت : 1396/04/14 | 14:49 | به‌ڕێوه‌به‌ر : بێهزاد قادری

" تۆ، خودی کەشکەڵانی "

ئه‌م دەقە، له‌ مانگی خاکەلێوەی 2717ی کوردی (فروردین 96)، له‌ ژماره‌ی 24ی مانگنامه‌ی "کورده‌واری"، له‌ پارێزگای سنه‌، بڵاو بووه‌ته‌وه‌.

کاتێک بڕیار دەدەم کە بۆ تۆ بنووسم، دەمەوێت لەوەی بزوێنەر و هاداره چێژ ببەم. دەمەوێت هەموو ئەستێرەکان بتوێنمەوە و بیتکێنمە نێو پێنووسەکەم، تاکوو ترووسکایی وشەکانم، بتهێنێتە گڕ.

دەمەوێت لە چۆڵترین شوێنی هەسارەی شینی کەیوان، یان لەسەر ئەڵقە ڕەنگینەکانی، دابنیشم و تۆ بکەم بە قەسیدە. یان لەسەر مانگ و ڕوو بە گۆی زەوی، ئەوینی تۆ بکەم بە فانۆسێکی ئاسمانی.

ورچی چکۆلە و ورچی گەورە، کەماندار و دووپشک، شێر و سەدان ڕووخساری ئاسمانیی دی، لە ئاسمانی من نامۆیە! چونکە سەر بەرز دەکەمەوە، جگە لە نەخشەی تۆ هیچ نابینم، هەرچەند لەسەر کتێبی جوغرافیا، هێڵی تۆیان دانەناوە و لێت دەترسن ئەو چاوچنۆکانە.

بە ئەلفبێ ناتوانم لەگەڵ تۆدا قسە بکەم! خۆزگە وتە بێدەنگەکانمت دەبیست؛ وتەهایەک کە لە نیگاکانم دەژین و ئۆقرە دەگرن. وتەهایەک کە ناوێرن لە نیگاکانم هەڵفڕن و بێنە سەر زمان.

کاتێک بڕیار دەدەم کە بۆ تۆ بنووسم، دەمەوێت لەوەی جوانییە کە لە دەماری سروشتدایە، چێژ ببەم؛ لە گوڵە سوورێکی تەنیا لە دارستانێکی پڕ شۆبەدا؛ لە هەڵۆیەک کە هێلانەی لە زاگرۆسدایە؛ لە پەپوولەیەک کە لە شیعری چی شاعیرە فڕیوە و لەو زنجیرەچیاگەلەی کە ئادیداس پێواویە و...

مەزنتر لەوەیت کە شاعیر بتکاتە شیعر و نووسەر بتکاتە چیرۆک، نیگارکێش بتکاتە نیگار و وێنەگر بتکاتە وێنە. بەرزتر لەوەیت کە کەسێک بتوانێت دەست بدات لە کاکۆڵی شەپۆلەکانت.

دەمەوێت ئاسمانێکت بۆ سازبکەم و خۆرێک کە واتای ڕۆژاوا نەزانێت. ئاسمانت بێ کەشکەڵان، چونکە تۆ خودی کەشکەڵانی. دەمەوێت ئامێزێکی دیکەت بۆ بخوڵقێنم، تاکوو شۆڕەسوارەکانت هێور ببنەوە.

نووسەر: بێهزاد قادری




ئارشیڤ: ده‌ق و پەخشان، 
ئێمه‌ له‌ گووگڵدا: هه‌رمان، بێهزاد قادری، کوردستان، مه‌ریوان، تۆ خودی کەشکەڵانی،  

لاپه‌ڕه‌کان : 15 ::      1   2   3   4   5   6   7   ...  

  • paper |